07700471347
info@beegraphic.co

پوختەی مێژووی گرافیک دیزاین

دروست کراوە لەلایەن بەهمەن عومەر لە گرافیک دیزاین 4 ئایار 2023
هاوبەشکردن

گرافیک دیزاین لە ڕوانگەی پراکتیکیەوە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە،  بەتایبەتی کە گەیاندنی بینایی بە ئەندازەی  پەنجەکانی دەست کۆنە گەشتێکی دوور و درێژی هەیە لە چاخی ئامرازەکانی بەردینەوە بۆ چاخی  تابلێتی دیجیتاڵی.

بە یەک هۆکار پێویستە بزانین لەکوێ؟ بۆچی؟ چۆن؟ ئەم پیشەسازییە هاتووە، ئەویش ئەوەیە هاوکاری گرافیک دیزاینەران دەکات لە تێگەشتنی شوێنیان بە درێژایی مێژوو،  گرافیک دیزاین لە لایەنی کرداریەوە بە ئاڕاستەیەکی شێوازی خولی دادەنرێت واتە:

(بەردەوام ستایل و ئاڕاستەکانی گرافیک دیزاین دووبارە دەبنەوە)، و لێکۆڵینەوە لە ڕابردوو دەبێتە ئیلهام بەخشین بۆ چەندین بیرۆکەی داهێنەرانە لە ئێستادا.

بە کورتی مێژووی گرافیک دیزاین چیرۆکێکە لە پەیدابونی مرۆڤەوە درێژ دەبێتەوە و توانای هەیە ئیلهام بە گرافیک دیزاینەرە مۆدێرنەکان ببەخشێت و ئاگاداریان بکاتەوە لەو گۆڕانکاریانەی کە ڕویانداوە و کاریگەری ئاشکرای لەسەر ئاڕاستەی گرافیک دیزاین لەم سەرەدەمەدا  بەدیدەکرێت.


گرافیک دیزایین بەسەر سێ قۆناغی سەرەکی دابەش دەبێت:


  1. پێش داهێنانی چاپ: پێش مێژوو تا سەردەمی ڕێنیسانس..
  2. لەدایکبونی گرافیک دیزاین: سەردەمی ڕێنیسانس و چاخی پیشەسازی.
  3. گرافیک دیزاین لە چاخی مۆدێرندا: چاخی تەکنۆلۆژیا و نەرمەکاڵاکان.


١- پێش داهێنانی چاپ : پێش مێژوو تا سەردەمی ڕێنیسانس


أ- تابلۆی ناو ئەشکەوتەکان ٣٨٠٠٠ پ.ز

بەشێوەیەکی سروشتی وادەبینرێت مرۆڤ بەرەو هونەر پەلکێش ببێت ئەویش لەڕێگای شایەتحاڵە مێژوویەکانی وەک تابلۆی ناو ئەشکەوتەکان کە لە زۆر شوێنی جیهاندا شوێنەواری دۆزراوەتەوە و مێژوویەکی کۆنیان هەیە و بابەتەکانیان دەگۆڕدرێن لە شکڵی ئاژەڵەوە بۆ جێدەست ئەویش دەربڕینی ڕوداوی ڕاوکردن بووە بۆ مەبەستی پەیوەندی کردن بەیەکتر یان پەرستراوەکانیان، لێرەدا شتێک کە زۆر ڕونە ئەوەیە بەهرەی مرۆڤ لەسەرەتاوە لە گەیاندنی بینایدا دەرکەوتووە.


ب- زمانی نوسینی سۆمەری ٣٣٠٠ - ٣٠٠٠ پ.ز


وەک دەزانین سۆمەریەکان یەکەم زمانی نوسینیان داهێنا ئەم زمانە سەرەتاییە لەجیاتی خوێندنەوەی دەنگی، شێوازێکی لۆگارتمی - ئایکۆنی هەبووە ئەمەش توانای سروشتی مرۆڤ پیشاندەدات لە بەکارهێنانی دەربڕینی بینراو بۆ گەیاندنی بیرۆکەی ئاڵۆز و پەیامێکی دیاریکراو.

لەم هەزاران ساڵەدا شتێکی ئەوتۆ نەگۆڕدراوە هەتا ئێستا گرافیک دیزاینەران لە جیاتی بەکارهێنانی نوسینی زۆر پشت بە ئایکۆن دەبەستن.

ج- بەرەوپێشچون لە چاپی چینیدا ٢٠٠ - ١٠٤٠ ز

چین زۆربەی تۆمارەکانی داهێنانی چاپی پاراستووە وەک: دروستکردنی کاغەزی ناقامیشی، چاپی سەر تەختە، چاپی بزۆک.

هەموو ئەوانە زۆر لەوە زووتر ڕوی داوە کە بیرت لێکردوەتەوە، ساڵی ٢٠٠ ی زاین  چینییەکان نەخشی سەر تەختەیان بەکارهێناوە بۆ چاپی دیزاینی مۆر لەسەر جلوبەرگی ئاوریشم و کاغەز.

هەروەها لەساڵی ١٠٤٠ز کەسێک بەناوی بایشەنگ چاپەمەنی جۆری بزۆکی داهێنا ئەمەش ٤٠٠ ساڵ پێشئەوەی گۆتێنبێرک هاوشێوەی بباتە ئەوروپا.

د- کاڵیگرافیک لە سەردەمەکانی ناوەڕاستدا ٧٠٠ ز


لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کاڵیگرافی سەری هەڵدا ئەویش ئەو کاتەی مرۆڤایەتی دەستی کرد بە فراوانکردنی ئاسۆی بینینی جوانی و گواستنەوەی بۆ ناو وشە و پیتەکان، لە جیهانی ئیسلامیدا کاڵیگرافی دوو جار گرنگ بوو ئەویش بەهۆی ئەوەی  زۆرێک لە جۆرەکانی هونەر واسەیردەکران دژ بە ڕێنماییەکانی دینن.

هـ- دروشمزانیی ئەوروپی ١١١٠ ز


لە لایەنی هونەریەوە یەکەم لۆگۆ لەجیهاندا دروشمی خانەدانییە، کە بەکاردەهات وەک هێمایەک بۆ پیشاندنی ماڵ یاخود ناوچەی خێزانەکان، ئەمەش لەکاتی جەنگی خاچپەرستەکاندا زۆر بەربڵاوبوو، کە جەنگاوەران لە چەندەها وڵاتەوە هاتبوون و ڕێگایەکی باش بوو بۆ ئاگاداربوون لە یەکتر، بەتایبەتی لەسەر قەڵغان و ئاڵای جەنگ، هاوشێوەی جەنگ ئەم دروشمە بەکاردەهات بۆ دیاریکردنی بەها، ستایل، تایبەتمەندی خەڵکی.

و- نیشانەی پێشی فرۆشگاکان ١٣٨٩ ز

لە سەدەی ١٤ز دا پاشا ڕیچاردی چوارەم کە پاشای ئینگلتەرا بوو، فرمانی کرد نیشانە بلکێندرێت بە پێشی فرۆشگاکانی بیرەوە تاوەکو لەگەڵ فرۆشگاکانی تردا تێکەڵ نەبن و زوو بدۆزرێنەوە.


٢-لەدایکبوونی گرافیک دیزاین: سەردەمی ڕێنیسانس و چاخی پیشەسازی

لەگەڵ دەرکەوتنی چاپ لە ئەوروپا مرۆڤایەتی توانی دووبارە نوسین و دیزاین لە سەر ئەندازەیەکی گەورە دروستبکاتەوە و تا ڕادەیەکیش هەرزان بکەوێت لەکاتێکدا پێشتر بەهۆی دروستکردنەوەی بەدەست نرخێکی گرانی تێدەچوو.

أ- داهێنانی چاپەمەنی گۆتێنبێرگ ١٤٣٩ز


لە ساڵی ١٤٣٩ز (یوهانس گوتێنبێرگ) چاپی بزۆکی بردە ئەوروپا ئەمەش گەیاندنێکی گەورەبوو بۆ کۆمەڵگای ئەوروپی و بۆ هەمیشە شارستانیەتی گۆڕی، دواتر خەڵکی پێویستیان بەوە نەدەبوو ماوەیەکی زۆر چاوەڕێ بکەن تاوەکو زاناکان کتێبێک دەنوسن و بەرهەمی دەهێنن، کرانەوەی ئەدەبی و خوێندەواری وای کرد بە ئاسانی بۆ هەمووان بەردەست بێت، گۆتێنبێرگ ڕێگای دیزاینی زیاتر قیرتاو کرد بۆ بەکارهێنانی دیزاین لە بواری بازرگانیدا.

ب- کۆتاییەکانی سادەی ١٥

لێرەدا لەپیشەسازی چاپەمەنیدا بۆ یەکەم جار لۆگۆ بەکارهات، هەرچەندە سنورداربوو و تەنها لەسەر بەڵگەنامەکان بەکاردەهات.

ج- یەکەم ڕیکلامی چاپکراو ١٦٢٠ز


لەگەڵ ئەوەدا مێژووی ڕیکلام دەگەڕیتەوە بۆ میسری کۆن بەڵام لێرەدا تایبەتمەندی ئەوە لە خۆ دەگرێت بۆ یەکەم جار وێنە لە چاپ و ڕیکلامی گەورەدا دەبینین.

د- ١٧٦٠ بەردەچاپگەری lithography و شۆڕشی پیشەسازی

کاریگەریەکانی شۆڕشی پیشەسازی لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤەدەدا دەدرەوەشایەوە و  تەکنۆلۆژیای نوێی لەگەڵ خۆی هێنا بۆ زیادکردنی کارایی بەرهمهێنان، گرافیک دیزاینی دەربڕینێکی تاڕادەیەک گەنجە و لەبنەڕەتدا وەڵامە بۆ شۆڕشی پیشەسازی، بەردەچاپگەری  گەورەترین هەناردەی دیزاینی  شۆڕشی پیشەسازی بوو کە لە لایەن (ئەلۆیس سێنفیلەر) داهێنرا، بەردەچاپگەری  شێوازێکە لە چاپکردن کە بریتیە لە مرەکەب هەڵکێشانی  دیزاینێکی بۆ سەر ڕویەکی بەردی یان  کانزایی و دواتر گواستنەوەی بۆ سەر کاغەز.

ز- چاپی ڕەنگاو ڕەنگ ١٨٣٧ز


گەشەسەندنی تەکنۆلۆژیا وەک سوتەمەنییەک بەردەوامی بە بەرەو پێشچونی گرافیک دیزاین دا، داهێنانی بەردە چاپگەری ڕێگاخۆشکەر بوو بۆ  داهێنانی چاپی ڕەنگاو ڕەنگ، هەرچەندە لەسەرەتادا بۆ تابلۆی دیکۆری ناوماڵ بەکاردەهات بەڵام دواتر دەرگایەکی نوێی بەڕوی چاپی ڕەنگاوڕەنگی ڕیکلامیدا کردەوە و شێوازێکی ڕاستەقینەتری بە دیزاین بەخشی.

 هونەری نوێ 1890s: Art Nouveau

هونەری نوێ بزوتنەوەیەکی دیزاینی جهیانی بوو کە بەشێوەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر تەلارسازی،  فاشیۆن،  گرافیک دیزاین هەبوو، ئەم شێوازە دیزاینە تایبەتمەندبوو بە بەکارهێنان هێڵی ئاڵۆز و پێچاو پێچ و شکڵی ئەندامی لەسەر شێوەی ڕووەک، هونەری نوێ هانی هونەرمەندانی دەدا بەتەواوی بابەتەکان وەک شکڵی ڕاستقەینە دەرنەبڕن بەڵکو بە چەند شێوازێکی وەک:  دەربڕینی لێکدانەوەی جیاواز، دەربڕینی جوڵە،  دەربڕینی ئەبستراکت.


٣- گرافیک دیزاین لە چاخی مۆدێرندا

وەک دەبینین گرافیک دیزاین بەردەوام لەبەرەو پێشچوندایە لێرەدا لە چاخی نوێدا بەنزیکەیی لە کۆتایی سەدەی ١٩ تاوەکو کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم لەخۆدەگرێت، کاتێک سەدەی ١٩ بەستراوە بە گەشەسەندنی تەکنۆلۆژیا و توانای نوێ، ئەوکات ئەو چاخە نوێیە بە دەوری فێربوونی چۆنیەتی قۆستنەوەی ئەو پێشکەوتنانە دەخولێتەوە بۆ پێکانی ئامانجی هونەری زیاتر و کێبڕکێی زۆر لە تەکنۆلۆژیای نوێدا ئەمەش بووەتە سوتەمەنی داهێنان، وە هانی هونەرمەندان و دیزاینەرانی داوە بۆ دۆزینەوەی ستایل و تەکنیکی نوێ کە بە خێرایی لەگەڵ ڕیکلام و براندینگدا تێکەڵ ببێت.

أ- دەرکەوتنی یەکەم ئاژانسی گرافیک دیزاین ١٩٠٣ز

لێرەدا یەکەم ئاژانسی گرافیک دیزاین بەناوی Wiener Werkstätte دەرکەوت کە بەشداریەکی دیاری هەبوو لە ستایلی دیزاین و کاری چونیەک، بەواتایەکی سادە ئەم ئاژانسە یەکەم دامەزراوە بووە کە هونەرمەندانی بینایی، وێنەکێش، تەلارساز ، گرافیک دیزاینەرە سەرەتاکانی لەخۆ گرتووە و ئەمەش ڕێنیشاندەرێک بووە بۆ ئەوەی ئاژانسەکانی دواتر چاوی لێبکەن.

لەوانەیە گەورەترین میراتی ئەم ئاژانسە داهێنانی ستایلی کیوبیزم (شەشپاڵویی) بێت کە کۆمەڵێک هونەرمەندی گرافیکی پڕۆفیشناڵ پێکەوە کاریان دەکرد و کاریگەریەکی گەورەیان هەبوو لەسەر بڵاوکردنەوەی ستانداردەکانی دیزاین بۆ  نەوەکانی دواتر، دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم کاتێک هەڵوێستی کلتوری لەتەواوی جیاندا گۆڕدرا، ئەو کارانەی لەم ئاژانسەدا کرابون ڕێگای خۆشکرد بۆ دروستبوونی ستایلە بەربڵاوەکانی Bauhaus و Art Deco کە دەستبەجێ بەدوایدا هات.


ب- دامەزراندنی Staatliches Bauhaus  ١٩١٩ز

گرافیک دیزاینی مۆدێرن دەکرێت سەرچاوەکەی بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەی باوهاوس کە لە لایەن والتەر گرۆپیوس لە ئەڵمانیا دامەزرا ، بەشێوەیەک کەم شت هەیە هاوشێوەی ئەم قوتابخانەیە ئەو کاریگەریە گەورەیە دروستبکات، ئەم قوتابخانەیە ڕێگایەکی نوێی بە بیرکردنەوەی تێکەڵکردنی هونەر و پیشە، ستایلی پێشەنگ، فۆڕم، کرداریبوونی دەستپێکرد.

دیزاینەکانی باوهاوس شێوازی مینیمالیزم، شکڵی ئەندازەیی، ، شێوەی سادە، فۆنتی نوێ لە خۆدەگرێت، لە باوهاوسدا هونەر پراکتیزە دەکرێت و هیچ شتێک بە بێ بەخشینی واتا دانانرێت، و تەرکیز دەخرێتە سەر بەکارهێنانی تۆڕ، هاوڕێژەیی،  هەروەها بیردۆی ڕەنگ ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕیت لەم قوتابخانەدا.


د- یەکەم زاراوەی گرافیک دیزاین ١٩٢٢ز


لە وتارێکدا(ولیام ئەدیسۆن دوگینز) بۆ یەکەم جار وشەی گرافیک دیزاینی بەکارهێنا بۆ باسکردنی ئەوەی ڕۆڵی چییە لە بنیاتنان و ڕێکخستنی وێنە لە دیزاینی کتێبدا، بەتێڕوانینی ئەو گرافیک دیزاین بریتییە لە تێکەڵکرددنی (وێنە، نوسین، ڕەنگ ).


ج- بیرۆکە بڵاوکراوەکانی پاول ڕاند دەربارەی دیزاین ١٩٤٧ز 


بەهەنگاوێک لە مۆدێریزمەوە بەرەو پۆست مۆدێرنیزم  دیزاینەری ئەفسانەیی پاول راند ڕێبەری گرافیک دیزاینی کرد بۆ وەرگرتنی قاڵبێک لەم شێوازەی ئێستادا کە تیایدا بیردۆز و ئایدۆلۆژیاکانی بڵاوکردەوە و بەشێوەیەکی گەورە فۆرمێکی بەخشی بە داهاتووی تەواوی پیشەسازی گرافیک دیزاین،کتێبەکەی بە ئاشکرا باس لەو فەلسەفانە دەکات کە لەنیوەی سادەی بیستدا بەکاری هێناوە کە بانگەشەکردنە بۆ( تەواوکاری جوانی و کرداری ) و ئەوەش هاوسەنگییەکی نمونەیی بوو بۆ ئەوەی لۆگۆیەک جوان دەربکەوێت و ئاماژەکانی بە کاریگەری بگەیەنێت، لۆگۆی بەناوبانگی IBM و چەندین لۆگۆی تر لە دیزاینی پاول راندن.

سەردەمی دیجییتاڵ 

لەساڵی ١٩٥٠ بەرەو دواوە بە دروستکردنی یەکەم کۆمپیوتەری ئەلەکترۆنی  جیهان دەستی کرد بە نزیکبونەوەی هێواش لەو چاخە دیجیتاڵیەی ئێستا تیایدا دەژین، پاشان دروستکردنی سیستمی ماکنتۆش لە لایەن کۆمپانیای ئەپڵەوە لەساڵی ١٩٨٤ز و بەدوایدا سیستمی ویندۆز لەساڵی ١٩٨٥ز هەنگاوێکی گەورەبوو  بۆ گرافیک دیزاین، پاشان لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دروستکردنی بەرنامەکانی دیزاین و دەستکاری وێنە بە تایبەت بەرنامەی فۆتۆشۆپ لەساڵی ١٩٩٠ز قەڵەم و فڵچەی لە دەستمان دەرهێناو سیمایەکی دیکەی بە گرافیک دیزاین بەخشی، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی یەکەم وێبسایتیش لە ساڵی ١٩٩١ز بواری گرافیک دیزاین گەشەکردنێکی گەورە و خێراتری  لەجیهاندا بەخۆیەوە بینی و  ئێستاش لە سەدەی ٢١دا بووەتە پیشەیەکی جیهانی و بەدەگمەن  بوارێک هەبێت و پێویستی بە گرافیک دیزاین نەبێت،  کەواتە گەشەسەندنی دیزاین بەوردی پەیوەستبووە بە:

پێویستی خەیاڵ، گەیاندنی بینایی، داهێنانی تەکنۆلۆژیا، پێویستی کۆمەڵایەتی.

بەدەستکاریەوە لە ماڵپەڕی 99designs ەوە وەرگێڕدراوە.



کۆمێنتەکان (0)

هاوبەشکردن

Share this post with others