گرافیک دیزاین ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە جیهانی ڕکابەرێتی بزنسی مۆدێرندا، کۆمپانیاکان هەمیشە پێویستیان بە ماددەی بازاڕگەری کاریگەر هەیە وەک: بزنسکارت، پڕۆوشور، وێبسایت، نامیلکە ...هتد، بۆ ئەم مەبەستەش گرافیک دیزاین پێویستییەکی سەرەکییە بۆ گەشتن بە بینەرە بەئامجگیراوەکانیان لێرەدا بەچەند خاڵێک گرنگی گرافیک دیزاین لەسەر بزنسەکان دەخەینەڕوو:
زیادکردنی فرۆشی بەرهەمی کۆمپانیاکان
دیزاینێکی باش دەتوانێت باشتر بەرهەمەکانت بگەیەنێتە کڕیار، دەتوانێت حەز بۆ بەرهەمێک دروست بکات و هانی بدات بیکڕێت، گەر بەرهەمەکانت سەرنج ڕاکێشبن دەبێتە دەرفەتێک بۆ سەرکەوتنێکی بەرز و نایاب، لێرەدا نمونەیەک دەهێنینەوە ئەویش کۆمپانیای Honest Tea کە خواردنەوەی سروشتی دەفرۆشێت بە ئۆنلاین، ئەم کۆمپانیایە هەستی کرد خەڵک بیرکردنەوەیەکی باشیان نییە بۆ وێنەی کۆمپانیاکە و پێیان وایە چایەکی بێتام و بێ لەزەتی هەیە، لەبەرئەوە کۆمپانیاکە هەستا بە دووبارە دیزاینکردنەوەی پاکێجی بەرهەمەکەی کە تیایدا وای پیشاندا چایەکە هەم تەندروست و هەم بەتامە، دەرئەنجامی ئەم هەوڵەشیان سەرکەوتوو بوو و بەرهەمەکەیان لە هەمان ساڵدا بە ڕێژەی ٪٦٤ فرۆشی زیادی کرد.
سەرنج ڕاکێشان
لەگەڵ بەرەو پێشچوونی تەکنۆلۆژیادا بزنسە جیاوازەکان لە گەشەکردنێکی خێرادان، هەر کۆمپانیایەک هەوڵدەدات بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کڕیار و بەکارهێنانی هەندێک ستراتیژی بازاڕدۆزی، بەڵام یەکێک لەو لایەنەی هەندێک کۆمپانیا گرنگی پێنادەن گرافیک دیزاینە کە بە ئاسانی دەتوانێت کاریگەری لەسەر سەرنجی کڕیار دروستبکات، بۆنمونە تۆ دەچیتە فرۆشگایەکی پەڕاوگە ئایا یەکەم جار چ شتێک سەرنجت ڕادەکێشێت؟ وە کە تەماشای وێبسایتێک دەکەیت؟ بێگومان دیزاین!
وادەکات ناوی براندەکان بیرنەچنەوە
گرافیک دیزاین گرنگە بۆ (لەبیرنەچوونەوە لای بینەر) بۆ نمونە هەریەک لەبراندەکانی(ئەپڵ، نایک، بیبسی، کۆکاکۆلا ) جیا لە بەرهەمەکانیان چی وای کردووە ناوبانگێکی جیهانیان هەبێت و بناسرێنەوە؟
بێگومان دیزاینی لۆگۆکانیان کاریگەریەکی زۆری هەیە، هەروەها ستایلێکی دیاریکراو لە ناسنامەی بینراوی براندی کۆمپانیاکان وەک: ڕەنگ، فۆنت ، بزنسکارت ...هتد هۆکارە بۆ لەبیرنەچونەوە و سەرنجڕاکێشانی زیاتری بینەر بۆ ناوی کۆمپانیاکە.
دروستکردنی جیاوازی
گرافیک دیزاین گرنگە بۆ مانەوەی هەر بزنسێک لەنێو ڕکابەرێتیی سەختی بازاڕدا، زۆرێک لەخەڵکی پێیان وایە لۆگۆ تەنها دانانی ناوی کۆمپانیاکەیە لەناو چوارچێوەیەک بەڵام لەڕاستیدا هەریەک لە ڕەنگ، تایپۆگرافی، شکڵ ...هتد ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە بۆ دیزاینێکی لۆگۆی کاریگەر و دروستکردنی جیاوازی، ڕکابەرەکان هەمیشە لە زۆربەی خاڵەکاندا هاوبەشن تەنها چەند خاڵێکی کەم نەبێت گرافیک دیزاینەر دەتوانێت ئەو خاڵە جیاوازانە لە دیزاینێکی باشدا زەق بکاتەوە لە چاوی بینەر و شێوازێکی بینراوی جوانتر و کاریگەرتر پێشکەش بە بینەر بکات.
پاشەکەوتکردنی پارە
بزنسە جیاوازەکان بەردەوام خەرجیەکی زۆر لە بانگەشەی بازررگانیدا دەکەن، ئەم بانگەشەیە بەبێ گرافیک دیزاین کاریگەریەکی باشی نابێت، پێویستە ڕێگا بە گرافیک دیزاینەران بدرێت وەک ئامێرێک کار بکەن بۆ ڕازاندنەوەی پردی پێکگەیشتنی نێوان بەرهەم و بەکارهێنەر، ئەو بڕەپارەیەی لەسەرەتادا بۆ گرافیک دیزاین سەرف نەکرێت دەرئەنجامەکەی دانی باجەکەیەتی چەند قات، چونکە بزنسەکان بە دیزاین دەبنە شتێکی تر، هەروەک تۆماس واتسۆن بزنسمانی ئەمریکی دەڵێت: "دیزاینێکی باش بزنسێکی باشە"
تێڕوانینی یەکەم
هەموو بزنسێک کاردەکات بۆ دروستکردنی تێڕوانینێکی باش لای کڕیارەکانی، هەموو کات ئەو دەرفەتە هەڵناکەوێت بۆ دروستکردنی کاریگەری، بۆ نمونە تۆ وێبسایتێک بۆ کاڵاییەک دروستدەکەیت، جیا لە دانانی کاڵاکە گرنگی بەچ شتێک دەدەیت لە وێبسایتەکە؟ لەکاتێکدا بینەر تەنها چەند چرکەیەک تەرخان بکات بۆ تەماشاکردن؟
بێگومان گرنگی بەدیزاین و شێوازی دەرکەوتنی وێبسایتەکە دەدەیت تاوەکو زۆرترین بینەر و سەردانکەر بۆ وێبسایتەکە ڕابکێشیت و لەیەکەم تێڕوانینەوە بتوانیت کار لە بینەر بکەیت.
کاریگەری لەسەر کڕیار
گرافیک دیزاین کاردەکاتە سەر ڕەفتار و گۆڕینی قەناعەتی بینەر بۆکڕین یاخود نەکڕینی بەرهەمێک، وە دەتوانێت کاربکاتە سەر(بیرکردنەوە، هەست، سۆزی) بینەر لەڕێگای شێوازێکی بینراوی سەرنجڕاکێش و کرداری، بۆنمونە گرافیک دیزاینەر دەتوانێت هەریەک لە: ڕەنگ ، فۆنت ، شەیپ بەکاربهێنێت بۆ وروژاندنی هەست و سۆزی خوازراو.
گەیاندنی پەیام
بوونی پەیام پێویستە بۆ هەر براندێک، گرافیک دیزاینەری باش پێش هەرشتێک بیر لەوە پەیامە دەکاتەوە کە پێویستە لە دیزاینەکەدا بیگەیەنێت، وە دیزاینەری باشتر دەتوانێت ئەو پەیامە بەشێوازێکی کاریگەر بگەیەنێت بە بینەر و پەیوەندی لەنێوان بەرهەم و بینەری بە ئامانجگیراو دروست بکات، کەئەمەش ئامانجی سەرەکی هەر کارێکی گرافیک دیزاینە، بۆ نمونە دەتەوێت لەڕێگای لۆگۆ و دیزاینەکانتەوە پەیامی کوالێتی بەرز و خزمەتگوزاری باش بگەیەنیت بە کڕیارەکانت ئەوکات گرافیک دیزاینەر ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەتوانێت ئەو پەیامە بگەیەنێت بە مێشکی بینەر لەکاتی تەماشاکردنی لۆگۆ و دیزاینێکی نایاب.